شاعیر: لوتفی
کتێب: دیوانی لوتفی
سەرناو: چاوەکانت بۆتە باعیس ئەشکی ڕوونی چاوەکەم

چاوەکانت بۆتە باعیس ئەشکی ڕوونی چاوەکەم
تیغی ئەبرۆت باعیسە بۆ مەنعی خورد و خاوەکەم

غەمزەکانت ھەروەک و تیرێ لە دڵ تەئسیری کرد
بۆتە مەنعی خواردن و خەو ژین و نان و ئاوەکەم

دڵ وەکوو ڕاوچی ئەویش وا بۆتە کارئاسکی خەتا
من خەتاکارم لە بۆیە بۆتە مانیع ڕاوەکەم

بێ خەبەر وەک وەحشی وا بووم ەر ئەسووڕام دەشت و دەر
ھەر وەکوو تەیری لەناکاو تووشی دان و داوەکەم

پەیڕەوی قەیسی بێ چارە لازمە بۆ من ئیتر
ھەر ڕەفێقی وەحشی دەشتی و دووری دایک و باوەکەم

سەد وەکوو لوقمان کەبێت و کووا ئەکا دەرمانی دڵ
دیدەنی ئەو کافیە بۆ زامی جەرگ و ناوەکەم

بەس تەمەع لوتفی بکە دونیایی دوون باقی نییە
غەم بخۆ بۆ مردنی خۆت کوانێ تۆیی چاوەکەم